یارسان و هەورامی
![]() |
| گوندی هاوار لە هەورامانی لهۆن |
هەورامی زوانی رەسمی ئەو ئاینەیە كە لەپاش لاواز بوونی ئایینی زەردەشت بە
چڕوپڕترین و پڕ خەڵكترین و كامڵترین ئایینی كوردی دێتە ژماردن ئەویش (ئایینی یارسان یان ئەهلی هەق)ە و یەكێكە لەو
گەرەنتیانەی كە تا ئەو ئاینە برەوی هەبێت و پەیڕەوكارێكی هەبێت هەورامی یان ئەوەی
خۆیان پێی دەڵێن ماچۆ لە برەودا دەبێت ، وەك ئەوەی محەمەد عەلی سوڵتانی دەڵێت
" وەك چۆن لە هەركوێدا موسوڵمانێك هەبێت لەوێدا زمانی عەرەبی هەیە، بەو
شێوەیەش لەهەركوێدا ئەهلی هەقێك هەبێت لەوێش هەورامی هەیە . ئەگەرچی كەمترین پەیڕەوانی
ئەم ئایینە لە جوگرافیای هەوراماندان و زۆرترینیان لە ناوچەكانی (كرماشان وتەورێز
و مازیندەران و تاران و ئازەربایجان و خانەقین و كەركووك و گەرمیان وسفەیە و
وەردەك ،و ناوچەی شەبەك نشین و هتد) دان بەڵام شێوەی ئاخاوتن و نیاییشی خەڵكەكە
زوانی هەورامی یە و پەیڕەوانیش بەخۆیان
دەڵێن (ماچۆ) كە هێمایە بە زوانی هەورامی، بەم پێییە ئەوانە بەشێكن لە هەورامان و
خۆشیان شانازی بەهەورامی بوونی خۆیانەوە دەكەن و ئەمەش سەلمێنەری رایەكەی بەرێز
سوڵتانییە.
عابیدینی جاف یەكێكە لە پایە گرنگەكانی ئایینی ئەهلی هەق، لە شارەزوور
لەدایك بووەو یەكێكە لە هاوەڵە هەرە نزیكەكانی سان سەهاكی بەرزنجی و جێ پەنجەی
لەسەر (نامەی سەرەنجام) دیارە. لە شیعرێكی درێژدا كە باس لە مەیل و ئارەزووی خۆی
بۆ ئایینی ئەهلی هەق و بنەما و فەلسەفەی ئەو ئایینە دەكات لە جێگەیەكدا دەڵێت:
بە پێی وتەی سەرەنجامم
لەم شارەزوورە هەنجامم
یارم لەوێ ئەدا كامم
لە بادە پڕ ئەكا جامم
سارێژ ئەكا ئێش و زامم
تا بگەمە هیمی و دامم
من عابیدنی هەورامم
دڵداری جوانی خواجامم
یان لە جێگەیەكی دیكەدا هەورامان بەشاری خۆی دەزانێت چونكە هەورامان یەكێكە
لە شوێنە پیرۆزەكانی ئەهلی هەق و چەندین جێگای پیرۆزیان لە هەوراماندا هەیە لەوانە
(گوندی هاوار كە خاكی پیرۆزی ئەهلی هەق)و (شێخان كە پایتەختی دەسەڵاتداری
كاكەییەكان بووە و روباری پیرۆزی سیروان بە قەراغ ئەو گوندەدا دەڕوات) (پەردیوەر)
لە هەورامانە، ئارامگای سوڵتان ئیسحاق بەرزنجی (سان سەهاك)ی لێیە و قیبلەی ئەهلی
هەقەكانە ، لەناو یارسانەكاندا هەورامان و زوانەكەی پیرۆزییەكی لە رادەبەدەریان
هەیە ، عابدین لەبارەی هەورامانەوە دەڵێت:
شاری هورمزگانم جوانە
ئەم شارە بۆ یاران خوانە
ئاگركانی گشت ماوە
گەرچی گەلێكی رماوە
باغ و بەری فراوانە
هەتا حەز بكەی ئاوانە
زۆرێك لەوانەی كەمەندكێش و باتنداری
ئەم ئایینە بوگن هەورامییان كردوەتە زوانی خۆیان، بۆ ئەمەش بەڵگەی فرەو فراوانمان
لەبەردەستان لە سەرەنجام و باقی دەفتەرو دەورەكانی تردا كە ئەوانەی لە ( بوڵغاریا
و چین و یەمەن و كابوڵ و مەغریب و شام و مەككە و ئەستەمبووڵ و هیندستان)ەوە هاتوون
و بە هەورامی بەیت و كەڵامەكانیان نووسیوەتەوە.بابا هندوو كە لەهیندستانەوە هاتووە
بەمجۆرە باس لە هەورامان و هەورامی بەپیرۆزی دەكات، مەرەمو:
وە ویت عەیانەن وەویت عەیانەن
ئینە ئەرەمای زاتی سوڵتانەن
پیرە بنیامین وەویت عەیانەن
واتەی هەورامی جەسەر زوانەن
سوڵتانم ساحێو هەردوو جیهانەن
مەكانش دوڕەن دوڕش مەكانەن
واتە:
لەتۆ ئاشكراو دیارە ئەی بنیامین كەئەمە نیشانەی حەزرەتی سوڵتانە كەبەزمانی
هەورامی لەسەر زارمانە وئەو خاوەنی هەردوو دونیایەو و ئەو لە دوڕە و دوڕیش لەوە.
لە بەندی 11ی هەمان دەورەدا بابا هندۆ لەباری ئایین و زوانیی خۆیەوە مەرەمۆ:
جە زوان وێما بەینێن بیزارم
زوان هەورامی ئاما وەچارم
واتە: لێرە باری ئایینی وەك ئەركێك كەوتە سەرشانم و من وەك بەندەو مەیتەرێك
لەخزمەتی شادا خزمەت دەكەم و بە كەمی نازانم، تا ئەگاتە ئەوەی بڵێت:
لە زمانی خۆم كە زمانی هیندییە ماوەیەكە بێزارو بێتاقەتم و بۆ چارەسەری
بێتاقەتی و بێزارییەكەم زوانی هەورامی هات بە فریامەوەو چارەی كردم،كە ئاماژەیە بۆ
ئایینی یاری كەبەزمانی هەورامییە.
لەوەڵامی ئەم كەلامەی بابا هندۆدا، داودی كەوسوار لەبەندی 26 لەدەورەی
باباهندۆدا مەرەمو:
هەرچە مەواچو هو وەزات ئەقدەم
زوان هندیش نەمەنەن چ دەم
وەزوان ئیمە دەس مەیو وە هەم
مەگیرۆ دامان داود خادەم
واتە: هیندۆ هەرچی دەڵێت (هو) بەیادی زاتی بەرینەوە و لەتاو ئەو
كەمەندكێشیەیدا زمانی هیندی لەدەمدا نەماوە و بەزمانی ئێمە( مەبەستی هەورامیە)
نزاو پاڕانەوە دەكات و داوێنی داودی خادیم ئەگرێت.
مەسەلەی هەورامان و زمانی هەورامی بۆ یارسانەكان واجبی ئایینییەو دەبێت
پێوەی پەیوەست بن و خودی سوڵتان بەشای هەورامان ناسراوەو هەر خودی حەزرەتی شای
هەورامان بە پەیڕەوكارو یارانی دەفەرموێت:
هەركەس جەوزش دان، هەركەس جەوزش دان
نە دلێ یاران، هەركەس جەوزش دان
پەی كردەی ویەردە نەوو پەشیمان
دایم بواچۆ خوداما سوڵتان
دایم نام یار باران وە زوان
پەی رای سەرەو ویش بوەخشنان
وەماڵ دنیا نەویش سەرگەردان
دایم بواچۆ سەرم سپاران
سەڵام هەن وەدەس شای هەورامان
هەرچی مەكەرو هەن سایەو سەرمان
ئیختیار وە ویشەن پەی ئاماو لوان
واتە:
هەركەس سەری سپاردوە بەم ئایینەو گوێزی سەرسپاردنی شكاندوە( ئەمە
ترادسیۆنێكە لەناو یارسانەكاندا، دەبێت هەموو منداڵێك كە لەدایك دەبێت یان
هەركەسێك ئایینی یاری قبوڵ دەكات مەراسیمێكی لەجەم دا بۆ سازبكەن و گوێزی بۆ
بشكێنن، لە رابردوی خۆی پەشیمان نەبێت وهەمیشە بڵێت خودام سوڵتانەوهەمیشە ناوی
ئەویان لەسەر زمان بێت و لەرێگەی ئەودا سەریان ببەخشن وبەماڵی دونیا سەرگەردان
نەبن و هەمیشە بڵێن سەرمان سپاردوە و سڵاو دەنێرین بۆ شای هەورامان و ئەو سایەو
سەرمانە و هاتن و چوون، مردن و ژیان بەدەست ئەوە.
