.stick-navigation{ z-index: 9999; position: fixed; top: 0; width: 100%; }

الاثنين، 14 سبتمبر 2015

https://www.youtube.com/watch?v=9veiGYy_m-0


ساڵیانەت بۆ ناگرم پیرەکەم.......نامق هەورامی




دوو ساڵ بەسەر گۆڕینی جامەتا تێدەپەڕێت مامۆستاکەم، ئەمە گەشتێکی بەردەوامی هەزارو یەک جارەیە، نازانم ساڵیانەی چیت بۆ بگرم کەتۆ تەنیا کراسێکت گۆڕیوەو لەبەرگێکی تردا لەناوماندای، گەڕانی رۆح وەک باڵندە لە چڵێکەوە بۆ چڵێکی تر کاری بەرز دانەرانی لەشە، دانایەک لەسای دارەوەنێکدا گوێی لەنرکەی هەژانەکانی رۆح دەگرت، خەڵک بۆ کۆن بوونی کراسەکانیان دەگریان، پیری دانا چویە لایانەوەو پێی وتن:" گرنگ نیە ئەمڕۆ کراسەکانتان کۆن دەبن، بیگۆڕن سبەی لە کراسێکی نوێدا دێنەوە ئێرە و شادی دەکەن".پیری دانام هەرگیز دفتەرەکانی تەواو نابن، نوکی خامەکەی کول نابێت، ئەو ئیستەش کتێبی جاویدانی دەنوسێتەوە، ئەم پیرە رۆژێک ماندوو نەبوو، بۆساتێک هەناسەی نووسینێکی سوار نەبوو.ئەو بە وشە قەڵایەکی هەڵچنی و لەوێدا بوو بە ئیمپراتۆرێکی بێناوونیشان، لە مەملەکەتەی ئەودا هەمیشە خۆر بە ئاسمانەوەیەو ناڵەی تەمیرە لە گەردونا دەنگ ئەداتەوە، حەوت ئەستێرەی حەوتەوانەیی و ملیۆنان وردە ئەستێرەی دیکە هەن و لەگەڵ خۆرەتاوا ناجەنگن، دوعای خۆرە زەردەی داود ئەخوێنن، رێبوارێک دێت و لەوێدا دەفتەری تەمەن موتاڵا ئەکاتەوە، بیری ئەکەوێتەوە کە ئەو لە هیمالایاوە هاتوە..لەبن داروەنێکی هیمالایا قوڵتر رامێنەسازەکە لە ئاو هەڵدەکێشێت بۆ گۆرانییەکی ترگەروی ساز تەڕ دەکات و پەنجەی خۆی کۆک...لێدە سازچیگەردونم بۆ راچڵەکێنە،سازی مەست بوو، خۆی دا بەدەم شەپۆلەکانی (تانج)ە وە تا (سیروان)تا (نیروانا) بگەیەنەتە رۆحی حەوت حەوتی پەردیوەر..گەڵای دارێکی ( بامبوزیا) لە هیمالایا تادەگاتە ( نەرە) یەکی ئەوێ،ئەوێی داپۆشراو بە سۆزززززز،سۆزی دارقەزوانلەبن ( تانج) یان (نەرە) رامانی خۆت بکەیت هەر یەکە،تۆی ئەوێ لێرە، ئێرە لەوێ،ئای لەو چەرخەچیەی گەردوون ، داود، جیهان بکیشە وەهەر چاور تەرەف..لە(تبت) ەوە سێ گەوهەری پیرۆز دێن، ئاوێتەی دەنکە تەسبیحەکەی زەردەشت دەبن، لەدەریاچەی ورمێ ئەیاندا بەدەم ئاوەوە و دەچنەوە لورستانخۆشین بە خۆشیەوە ئەینێرێتەوە هەورامان... مەولام گەوهەرەکانت بگیرە،بکەرەشان بە چوار..
یاری چوار چیوەن باوەریش وەجا....
شەوێک لەخەونمدا ئەو هەر تەنیا ئەم پیرە نەبوو، جەمێک منی ئاوێزانی رۆحی ئەو کرد، من چرام بینی تەمیرەیەی دایە دست تۆ پیرەکەم، داوود لەنوورەکەدا بوو، فەرمووی بژەنە... ئای تەمیرە پیرۆزم من زریکەو ناڵەتم لەپەنجەکانی ئەم پیرەوە شنەوت، حەفتاو دوو مەقامی رۆحانی رۆح.....مەولام تۆ بەم پیرەی من بواچە:- بەسەر دوندی بوونێکدا سەرکەوە، نەرم نەرمبا نۆتەی گۆرانییەکی ترت نەڕژێت....
لەم رێگەدا بەرد چاوەڕێی سترانێکی جاویدانی و با چاوەڕێی قامیشێکە بیژەنێت، باربوودرەوان لەچاوەڕوانی کۆکی تەموورەکەی تۆیە ، مەولامەشی بەو قوڕەوە وشک بویەوە، پەیکەرسەرتەرزێک با دەرون بئەشکاوێت، هەفتاو دوو مەقامی پیرۆزمیار دیدە کانی ، من لە نەسڵی سازم، بنیامین ،شەرتم ئەو شەرتەن، وەشەرت پیر بۆبنیامین پیرم، داود دەلیل بۆمن لەنەسڵی سیمەکەتم ، تەمیرەی پیرۆزم، یا قەڵەم زەڕینم، دەفتەردارلاپەڕەیەکی تری دەفتەرەکەتم نوسیەوە، دەفتەری کاف ف ف ، کافر نابم نا ااادەستم بەدەستی ئاوازێکەوەیە، ئاواز ، تا دەگەمە نەوەدو نۆ لوتکە لە شاهۆ..پارچەیەکم لە رۆحی حەوتەوانەیەک بە ئاسمانی ( شێخانەوە)، گەروی ئاوازێکم و تۆزی کراسەکەم لە کانیەکەی ( تەشار) ئەشۆم..

جە هەفتەوانەم، جە هەفتەوانەتەرزم جە ئاسمان لای هەفتەوانەلای کارسازی کار کارم ئاسانەقیبلەم پەردیوەر سافورام هانە...
سەیدای من.. ئیستەش چاوەڕێم زەنگی تەلەفۆنەکەم بزرنگێتەوە، بەدەنگە سازەکەت بێژیت:" ئەم ئێوارە من لە خانزادم تۆش وەرە لەگەڵ رەزا"من ئەزانم تەلەفۆنەکەم زەنگی وا ناخوات، بەڵام هەمیشە رەوانم رادەچڵەکێت و تۆ بەردەوام رازی تازە و باسی تازە و دیدگای تازەم نیشان دەدەیت..باسی چامە سەرشارەکەی (مەولەوی) و کتێبکەی (عیمادەدین دەوڵەت شاهی ) و گرنگی مۆسیقای پیرۆز....ئێستەش ئیلهامم دەدەیە، ئیتر لەپای چی ساڵیانەت بۆ بگرم؟
پیرەکەی من... تۆدەتزانی هەموو جار دەچوومە سەفەر بەدوای کتبێکدا وێل بووم، هەموو کتێبکانم دوو دوو بوون، ئێستەش بەشێک لە کتێبخانەکەمان دەڵێیت سێوێکە دوو کەرت کراوە... هەر وا دەبم، بەردوام کتێبت بۆ دێنم، نابێت کتێبخانەکەت بێناز بێت، هەر وەک جاران لێیان دەنووسم ( پەی براو رەفیق و پیری وەشەویسیم مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی پیشکەشا) ...دەرۆم وەک هەمیشە سەیری کورسیی ژورەکەت دەکەم، تابلۆی هەڵواسراوی سەر دیوارەکان، دەنگی کزی موزیکەکەت گوێ لێدەگرم.. دڕۆم و وەک هەمیشە سلاوێک لە ( دادە خەیرییە) دەکەم ... ئێ بۆ نەڕۆم کەتۆ لای من هەمیشە هەیت ... پیری گەورەم.. موبەدەکەم... ساڵیانەی چیت لەبۆ بگێڕم؟