لەساتێکی هەستەوەردا گەل دژی دەسەڵاتی تاکخوازی و پاوانخوازی بەعس راپەڕی لە بەهاری ١٩٩١ دا، راپەڕین پەیامی ئازادی و یەکسانخوازی هەڵگرتبوو، تەواوی چینەکانی کۆمەڵ بەشداری راپەڕینیان کرد، تەنانەت جاش و زۆرێک لە پیاوانی بەعسیش، خەڵک بۆ ئازادی بەشدار بوو، جاش و پیاوانی بەعسیش بۆ خۆپاککردنەوە، نەعرەتە و کڵپەی ڕاپەڕین ئەوەندە بەهێز بوو کەس خۆی لەبەردا رانەدەگرت.
لەو رۆژانەدا خەڵک دژی ناداد پەروەری و جیاوازی و نەبونی ئازادی و زۆر شتی تر راپەڕی، نەوەی ئەمڕۆ و ئەو هێزو لایەنانەی ئەمڕۆ هاتونەتە گۆڕەپانی سیاسییەوە حەقە رێز لەو خواستانە بگرن کە گەل لەپێناویدا تێکۆشاو قوربانی بۆدا، دەبێت رێز لەو هێزانە بگیرێت کەداینەمۆی راپەڕین بوون.
لەهەمان کاتدا دەبێت ئەو هێزانەی ئەمڕۆ حوکمڕانن رێز لەو خەڵکە بگرن کە بەخوێنی خۆی رۆژانی راپەڕینیان خولقاند و ئەمڕۆیان بەرهەم هێنا، دەبێت هەموان وەک یەک لە ئەرک و پاداشتدا یەکسان بین، لەسایەی خەباتی ئێمەدا خەڵکێک دەوڵەمەند نەبێت و زۆرێکیش هەژار، ئەم وڵاتە هی هەموو کوردێکە لە هەرکوێوە بێت.
نەنگییە ئەمڕۆ لەسایەی ئازادیدا بەرهەمی راپەڕین پاوان و قۆرغ بکرێت، نابێت ئەوانەی ئەمڕۆیان دروستکرد هاولاتی پلە دوو بن لەم وڵاتەدا. ئێمە بۆ ئەوە ڕاپەڕین لەنیشتیمانی خۆماندا ئازاد بین، دەکرێت ئێستە کرێچی نیشتیمان بین؟
نیشتیمان هی هەموان بوو، بەیەکەوە بۆی تێدەکۆشاین، رەوایە ئێستە نیشتیمان بەناوی کەسانەوە تاپۆ بکرێت؟
راپەڕینمان بۆ ئەوە نەکرد لەژێر دەستیەوە بێینەوە بۆ ژێردەستی، لە هەژارییەوە بۆ هەژاری، لە ئاوارەییەوە بۆ ئاوارەیی، نیشتیمانی ئازاد بەکەڵکی چیدێت کاتێک نابەرابەری کۆمەڵایەتی هەبێت؟؟
ئەمڕۆی ئازادی لای زۆربەمان شیرینە، درەوشاوەترین رۆژەکانی کوردە لە مێژوی تازەدا، دۆست و نەیار چاویان لەم حوکمڕانیەتیەیە، تکایە با بەهەڵەی کەسانی هەلپەرست و نەیار و بازرگانانی شەڕ و ............. ئەم نموونە جوانە لەکەدار نەکەین.
لەیادی راپەڕیندا سڵاو لە هاوڕێ شەهیدەکان کەلەو رۆژەدا شەهید بوون
سڵاو لەوانەی تێکۆشان و ئەم ئازادیەیان نەدی
سڵاو لەوانەش نایانەویت ئەم دەسکەوتە لەکەدار ببیێت
