.stick-navigation{ z-index: 9999; position: fixed; top: 0; width: 100%; }

الأربعاء، 13 أغسطس 2008

براین وەك ئەوەی عەرەب دەیەوێت

ئەگەر چاوێك بەرابردوی عێراقدا بخشێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت ئەو وڵاتەی ناوی نراوە عێراق لەبنەڕەتدا لكاندنی هەندێك خاكە بەبێ ویستی خەڵكەكەی بەیەكەوە، ئەم لێكدانەوەیە لەخۆڕا نییە، عەرەبێكی بەسرە ناڕازییە لەوەی وەك عەرەبێكی تكریت چاوی لێبكرێت، كوردیش لەهەموو ئەوانە جیاوازە، ئەگەر دوو عەرەب یەكێكیان لە بەسرەو ئەویتریان لە تكریت پەیوەندییەكی هاونیشتمانی كۆیان نەكاتەوەو ئینتیمایان بۆ هاووڵاتی بوونی خۆیان هەبێت دەبێت چۆن ئەو ئینتیمایە لای كوردێك دروست ببێت كەبەدرێژایی مێژووی هاتنی عەرەب بۆناو خاكەكەیان سەركوتی كردوون و جگەلە كوشتن و نەهامەتی هیچیان لەدەست برا چاوڕەشەكانیان نەدیوە.
كورد بەپێی ئەزموونی ژیان و سروشتی ناوچەكەیان هەرگیز لەسەرمادا متمانەیان بە دەواری دڕاوو جلی پینەكراو نەبووە، عێراقیش وڵاتێكە پینەو پارچە پارچەیە دراوەتەوە لەیەك و هەرگیز بەرگەی ئەو یەكگرتوییە ناكات و ئەمڕۆ یان سبەی هەڵدەوەشێتەوە.
جاران هێزی سەركوتكاری وایكردبوو خەڵك بەو بارودۆخە رازیبێت، بەڵام ئەمڕۆ دوای هاتنەكایەی سیستەمی سەربەخۆیی گەلان و بەسەرچوونی دنیای پێكەوەژیانی زۆرەملێیانە ئیدی ئەو حاڵەتە بەرەو كۆتایی دەچێت و چارەنووسی عێراق هیچی لەچارەنووسی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەراست و سۆڤیەتی جاران باشتر نابێت، چونكە لەهیچ روویەكەوە عێراق لەسۆڤییەتی جاران بەهێزتر نەبووە.
لەماوەی ئەوەندە ساڵی رابردووی تعەمەنی عێراقدا ئەم وڵاتە دروستكراوە تا عەرەب تێیدا بالادەست بێت و نەتەوەكانی دیكە بچەوسێنێتەوە، نەك هەر ئەوە بگرە هاوزمانەكانی خۆی كەلەئایینزای جودا بوون ئەوانیشی سەركوتكردووە، ئەمڕۆ راستە زۆرینەی بندەستی جاران بونەتەوە بەسەردەست و كەمینەی سەردەستی ئەوساش،ئێستا بونەتەوە بەكەمینەی بندەست، بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت بەو پێیەی بەعسیزم هەڵگری گوتاری ناسینالیستی عەرەب و ئاڵاهەڵگری عروبە بووە، ئێستاش بیری بەعسیزم بوەتە بەشێكی دانەبڕاو لەكلتووری عەرەب و بەیارو نەیارەوە بەخۆیان بزانن یان نەزانن پراكتیزەی ئەو بیرە شۆڤێنییەی بەعس دەكەنەوە لەگەڵ نەتەوە ناعرەبەكانی عێراقدا.
عەرەب بەوپێیەی ناتوانێت لەگەڵ كرانەوەی دنیای هاوچەرخدا بڕوات و نایەوێت یان ناتوانێت لەگەڵ مۆدێرنێتەدا ئاوێتە بێت، بۆیە هەمیشە پارێزگاری لەشوناسی عروبەی خۆی دەكات و گوتاری عەرەبیزم كە گوتاری قبوڵنەكردنی بەرامبەر و خۆسەپاندنە بەهێزوو عەرەب وەك باشترین نەتەوە دەناسێت و دەبێت پیرۆز راگرتنی عەرەب وەك بەشێك لە ئەدای ئایینی پەیڕەو بكرێت.
لەم سۆنگەیەوە عەرەب بە جیاوازی ئایینزا و ناوچەكانیانەوە بڕوایان بەوە هەیە دەبێت ئەوان سەردەستەو خەڵكی تر خوڵامیان بێت، ئەمە ئەگەر لەسەردەمی سەرەتاكانی لەشكركێشی عەرەب بۆ ناوچە دوورەكان سەركەوتوو بووبێت بەڵام ئەمڕۆ دنیا بەرەو گروپ و بازنەی بچوك و هەندێك جار بورەو تاكەكەسی دەڕوات و تاك دەیەوێت خۆی سالاری خۆی بێت نەك كۆمەڵێك ئۆرگان و دامەزراوە ئاراستەی ژیانی بۆ دیاری بكەن.
پەیوەست بوونی كورد بە عێراقەوە پەیوەستبوونێكی هەڵەیە و ئەوەی لە بیستەكانی سەدەی رابردوو روویدا نەدەبوو خۆمان لەدوای مارسی2003 دوبارەی بكەینەوە، كاتێك بەناو پرۆسەی ئازادی عێراق كرا نزیكەی 13 ساڵ بوو كورد هیچ پەیوەندییەكی بە عێراقەوە نەمابوو، بگرە عێراقی بوونیان بەشەرم دەزانی،98 % دەنگدەرانی كورد دژی ئەوەبوون لەگەڵ عێراقدا بمێننەوە، كەچی بەبێ گوێدانە ئەو گشتە دەنگە سەركردایەتی كورد جارێكی تر هەمووانی كردەوە بەعێراقی، بەڵام چۆن عێراقییەك؟
لەكاتێكدا قەدەغەبوو ئاڵاكەی بەعس لەكوردستان هەڵكرێت كەچی لەگەڵ بردنەوەی تیپی فوتبالی عێراقدا شەقامەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك پڕدەبون لەو ئاڵا یاساغە و ئاڵاهەڵگرەكانیش ئەوانەبوون ئەندامی رێكخراوە جۆراوجۆرەكانی سەر بەحزبە كوردییەكان بوون.
ئەمانە ئەو گرفت و ئاڵۆزیانەن كە كورد بۆخۆی دروستكردوون و ئێستا ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات، ئێستا بەناوی عێراقی بوونەوە هەر رۆژەو گۆڵێكمان لێدەكرێت و شەقام و كۆڵانەكانمان پڕن لەو عەرەبانەی ئێستاش پێیان نەنگە بەشی بەكارهێنانی رۆژانەی خۆیان كوردی فێر ببن، دەیانەوێت لە هاوینەهەوارەكانی بێخاڵ و سەرچنار و زاوێتەش بەعەرەبی لەگەڵیاندا بدوێین، ئەوان واراهاتوون سەردەستە بن و بەلیسانی عەرەبی موبارەك قسە بكەن و ئێمەش دوایان كەوین، ئەوە نییە لەم پایتەخت و قیبلەی كوردانەدا لە 100 ناوی منداڵان 85 ناوی عەرەبییە؟